چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دەبێت دۆسیەی نەوت و گاز بەپێی دەستوور بەڕێوەببرێت
ڕۆژی دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا جەختی لەسەر پێویستیی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز و هەناردەکردنیان بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان کردەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای هاوکارییەکی جیدی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، بە جۆرێک کە سەروەریی دەوڵەت و مافی هەموو عێراقییەکان بپارێزرێت.
ئەم ڕاگەیێندراوە وەک وەڵامێکە بۆ پەرەسەندنەکانی دوێنێ، کە تێیدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوەڕۆکی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕەتکردەوە و بە "تۆمەت" وەسفی کردن، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم جۆرە لێدوانانە خزمەت بە دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستی ناکەن لەم "ساتە چارەنووسسازەدا".
وەزارەتی نەوتی عێراق: هەرێم مەرجی نادەستووری داناوە
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ هەناردەکردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە، جگە لەو 200 هەزار بەرمیلەی کە پێشتر لە کێڵگەکانی هەرێمەوە هەناردە دەکرا. بە گوتەی وەزارەتەکە، توانای هەناردەکردنی ئەم بۆرییە دەگاتە 900 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان مەرجی داناوە کە پەیوەندییان بە دۆسیەی نەوتەوە نییە و ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە دەکات.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: بەغدا گەمارۆی خستووەتە سەرمان
لە بەرامبەردا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی وەڵامی بەغدای دایەوە و ڕایگەیاند کە حکومەتی فیدراڵی لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە گەمارۆیەکی دارایی خستووەتە سەر هەرێم و ڕێگری لە دابینکردنی دۆلار بۆ بازرگانان دەکات. وەزارەتەکە چەند خاڵێکی تری وەک هۆکاری وەستانی بەرهەمهێنان خستە ڕوو:
- هێرشی میلیشیاکان: کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گاز لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە دەکرێنە ئامانج و بەرهەمهێنان وەستاوە.
- بێدەنگیی بەغدا: حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی کردەیی بۆ پاراستنی کێڵگەکان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە نەگرتووەتە بەر.
- کێشەی دارایی: ئەو گرووپانەی هێرش دەکەن لە بەغداوە پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا مووچەی خەڵکی کوردستان دوا دەخرێت.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆی تیمە پسپۆڕەکان دەربڕی، بەو مەرجەی کوردستانیش لە سوودەکان بەشدار بێت و چیتر ستەمی لێ نەکرێت.