یاساییبوونی پێناسی نوێی گومرگ لە عێراق دەبرێتە بەردەم دادگای فیدراڵی
بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی شوباتی ٢٠٢٦، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵای یاسایی بکات کە لە دژی پێناسی نوێی گومرگی تۆمارکراون. سکاڵاکان لەلایەن هەریەک لە محەممەد خەفاجی و مستەفا سەنەد، دژ بە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاراستەی دادگا کراون و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی دەکەن.
سکاڵاکاران داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن کە ئەو پێناسە نوێیە بە نادەستووری بناسێنێت، چونکە باری دارایی هاووڵاتییانی قورستر کردووە و بووەتە هۆی گرانبوونی کاڵا هاوردەکراوەکان. هەروەها داواکراوە کە تا کاتی یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان، فەرمانێکی وەلائی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پێناسی نوێ دەربکرێت.
پێشێلکاریی دەستووری و حکومەتی کاربەڕێکەر
ئەحمەد مازن مەککیە، پارێزەری سکاڵاکارەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیاری ژمارە ٩٥٧ی ساڵی ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپێچییەکی ڕوونی یاسایی و دەستووری تێدایە. بە گوتەی پارێزەرەکە، یەکێک لە تانە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بڕیارەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەردا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، ئەمەش پێچەوانەی بنەما یاساییەکانە.
بەگوێرەی شرۆڤەکانی پێشووی دادگای فیدراڵی، حکومەتی ئێستای عێراق لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ەوە وەک حکومەتی کاربەڕێکەر دەناسرێت، ئەمەش ڕێگری دەکات لە دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە ڕەهەند و کاریگەریی دارایی گەورەیان لەسەر وڵات هەیە.
کاریگەرییەکانی پێناسی نوێ لەسەر بازاڕ
پێناسی نوێی گومرگی کە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕێژەی باجی سەر کاڵاکانی لە نێوان ٥٪ بۆ ٣٠٪ زیاد کردووە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لای بازرگانان و هاووڵاتییان، بەو پێیەی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبووە.