تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق ڕاگرت و خشتەیەکی نوێ دیاری دەکرێت
بەهۆی گۆڕانکاری لە خشتەی گەشتەکاندا، تورکیا بڕیاریدا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرێت. فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەم ڕاگرتنە کاتییە و بڕیارە لە سبەیەوە گەشتەکان بە سیستەمێکی نوێ دەست پێ بکەنەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئاگادارییەک لە لایەنی تورکیاوە گەیشتووە کە تێیدا داوای ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە بەرەو عێراق و بەپێچەوانەشەوە کراوە. ئەم بڕیارە بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە کاتی گەشتەکان و ڕاگرتنی چەند گەشتێکی دیاریکراو کە بڕیار بوو ئەمشەو ئەنجام بدرێن.
دەستپێکردنەوەی گەشتەکان تەنیا لە کاتی ڕۆژدا
بەرپرسانی پەیوەندییەکان لە فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای پەیوەندییەکان ئاگادار کراونەتەوە کە گەشتەکان لە سبەیەوە دەست پێ دەکرێنەوە، بەڵام بە مەرجێک؛ گەشتەکان تەنیا لە کاتی ڕۆژدا ئەنجام دەدرێن و خشتەی گەشتە شەوانەکان گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.
هەر بەپێی ئامارەکان، دوایین گەشتی ئاسمانی کە لە بەغداوە بەرەو تورکیا ئەنجام دراوە، کاژێر 1:17 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە و دوای ئەوە گەشتەکان ڕاگیراون.
دۆخی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی
سەبارەت بە گەشتەکانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی خشتەی هێڵە ئاسمانییەکان، تاوەکو ئێستا گەشتەکانی ئەمشەو بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوە بوونەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە سبەیەوە سەرجەم فڕۆکەخانەکان خشتەی نوێی گەشتەکانیان ڕابگەیەنن کە لەگەڵ بڕیارە نوێیەکەدا بگونجێت و تەنیا لە کاتەکانی ڕۆژدا گەشتەکان ڕێکبخرێنەوە.