هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مۆڵەت دەداتە دیمەشق و هەسەدە بۆ ڕاگرتنی شەڕ
لەگەڵ توندبوونەوەی پێکدادانەکان لە ڕۆژئاوای ڕەققە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مۆڵەتێکی دیاریکراوی تاوەکو کاژێر 6ی بەیانیی یەکشەممە داوەتە هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ئەوەی دەستبەجێ شەڕ ڕابگرن. چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەی "تەبقا" لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات، پێکدادانەکان بوەستێنرێن.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، سوپای سووریا توانیویەتی چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لە ڕۆژئاوای فوڕات کۆنترۆڵ بکات، لەوانە ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە، فڕۆکەخانەی سەربازیی جەراح و ناوچەی دبسی عەفنان. هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکان بەرەو تەبقا، هێزەکانی دیمەشق چوونەتە ناو شاری "سەبخە" لە پارێزگای ڕەققە.
پێکدادانەکان و تۆمەتبارکردنی دیمەشق بە "ناپاکی"
ئەم شەڕە توندانە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاژێرێک پێشتر، مەزڵووم عەبدی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەرکردبوو. هەسەدە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بە "ناپاکی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، سەرەڕای ڕێککەوتن بۆ کشانەوە، هێرش کراوەتە سەریان.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، حکومەتی دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە بەرپرسیاری تەواوی ژیانی ئەو شەڕڤانانە دەزانێت کە لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا ماونەتەوە. هەسەدە داوای مسۆگەرکردنی ڕێڕەوێکی ئارام دەکات تاوەکو هێزەکانیان بە سەلامەتی بگەنەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
دوایین پێشهاتە مەیدانییەکان لە دەوروبەری ڕەققە
لایەنی حکومەتی سووریا ڕایگەیاندووە کە توانیویانە بەنداوی مەنسوورە لە نزیك شاری ڕەققە کۆنترۆڵ بکەن. بەپێی دواین ئامارەکان، هێزەکانی سوپای سووریا ئێستا تەنیا کەمتر لە 5 کیلۆمەتر لە دەروازەی ڕۆژئاوای شاری ڕەققەوە دوورن و کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقەشیان ڕاگەیاندووە.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە و مۆڵەتەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک دواین هەوڵ دەبینرێت بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر و سەقامگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات.