مووشەکەکانی ئێران جەرگی پێشمەرگەیەکی دێرینیان سووتاند؛ چیرۆکی شەهید کەیوان
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 24ی ئاداری 2026، لە هێرشێکی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلک، کارەساتێکی مرۆیی گەورە ڕوویدا. بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، هێرشەکە بە 6 مووشەکی بالیستی ئەنجامدراوە و تێیدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ی دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە شەهیدەکان، کەیوان موزەفەر گوانییە؛ گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ کە تەنیا 9 مانگ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. کەیوان لە کاتێکدا شەهید بوو کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی لەدایکبوونی یەکەم منداڵی دەکرد، بەڵام مووشەکەکانی ئێران ڕێگەیان نەدا ئەو خەونەی بێتە دی.
باوکێکی بریندار و کوڕێکی شەهید
موزەفەر گوانی، باوکی کەیوان، چیرۆکێکی پڕ لە ئازاری هەیە؛ ئەو یەکەمین پێشمەرگە بوو لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بوو و ماوەی 12 ساڵە بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە لەسەر جێگە کەوتووە. موزەفەر بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەتەوە باسی دواین پەیوەندیی تەلەفۆنیی خۆی و کوڕەکەی دەکات: "تەلەفۆنم بۆ کرد و گوتم کوڕەکەم لە کوێیت؟ گوتی مووشەک بەر بارەگامان کەوتووە و دەچینە سەر شوێنی ڕووداوەکە. لەو کاتەدا دەنگی مووشەکێکی دیکە هات و تەلەفۆنەکەی داخرا... دواتر پێیان گوتم کوڕەکەت شەهید بووە."
پێشمەرگەیەک بۆ داهاتوو؛ خەونە ناتەواوەکانی کەیوان
شوان موزەفەر، برای شەهید کەیوان، ئاماژە بەوە دەکات کە کەیوان زۆر دڵخۆش بوو بەو منداڵەی کە بڕیارە لەدایکببێت. کاتێک لێی پرسیوە منداڵەکەت دەبێتە چی؟ کەیوان وەڵامی داوەتەوە: "دەیکەمە پێشمەرگە وەکو خۆم، با بەرگری لە خاک و وڵاتی خۆمان بکات."
باوکی کەیوان، سەرەڕای برینە 12 ساڵەییەکەی جەستەی، تەنیا بۆ چەند خولەکێک توانرا بهێنرێتە سەر تەرمی کوڕەکەی، بەڵام ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانی هێندە قورس بوون کە دووبارە ڕەوانەی سەر جێگە کرایەوە. ئەم هێرشە مووشەکییە جارێکی دیکە خەمی خستەوە ناو ماڵی تێکۆشەرانی کوردستان و چیرۆکی نەوەیەک لە پێشمەرگەی پشان دا کە ژیانی خۆیان فیدای پاراستنی نیشتمان دەکەن.