بۆ یەکەمجار ژنە کوردێک دەبێتە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا

له‌لایه‌ن: - پەلە نیوز پەلە نیوز - به‌روار: 2026-02-06
بۆ یەکەمجار ژنە کوردێک دەبێتە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا
جیهان

بۆ یەکەمجار ژنە سیاسەتمەدارێکی کورد دەبێتە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا

دیلان یەشیلگۆز، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، لە هەنگاوێکی مێژووییدا وەک وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەستبەکاربوو. ئەم دەستبەکاربوونە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هۆڵەندادا دروست کردووە، بەوپێیەی یەشیلگۆز ئێستا سەرپەرشتیاری تەواوی هێزە چەکدارەکان و داڕێژەری سیاسەتی بەرگریی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیە.

دیلان یەشیلگۆز کە لە ئێستادا سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD)ـیە، لە مەراسیمی دەستبەکاربوونەکەیدا جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئازادی کردەوە. ڕایگەیاند کە جێگەی شانازییەکی گەورەیە وەک وەزیری بەرگری کار دەکات بۆ بونیادنانی هۆڵەندایەکی بەهێز کە بتوانێت ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە و پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.

کارنامەی وەزیری نوێ و پاڵپشتی بۆ هێزە چەکدارەکان

وەزیری نوێی بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کار دەکەن بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژن و پیاوانەی ڕۆژانە لە ناو هێزە چەکدارەکاندا ئەرکی پاراستنی خاکی وڵات و ئازادیی هاووڵاتییانیان لەسەرشانە. یەشیلگۆز دووپاتی کردەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەی جیهاندا، پێویستە هێزە بەرگرییەکانی وڵات لەوپەڕی ئامادەییدا بن بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو.

کورتەیەک لە ژیان و کاروانی زانستیی دیلان یەشیلگۆز

دیلان یەشیلگۆز لە ساڵی ١٩٧٧ لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و فشارەکانەوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە وڵاتی هۆڵەندا کردووە و وەک پەنابەر نیشتەجێ بوون. یەشیلگۆز توانیویەتی پلەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی ببڕێت و بڕوانامەی ماستەر لە زانستە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە زانکۆی ئەمستەردام (Vrije Universiteit) بەدەستبهێنێت، پێشتریش چەندین پۆستی باڵای لە حکومەتی هۆڵەندادا بەڕێوەبردووە.