تەیف سامی لەبارەی بودجە و مووچە بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

له‌لایه‌ن: - پەلە نیوز پەلە نیوز - به‌روار: 2024-12-05-00:05:00 - کۆدی بابەت: 12107
تەیف سامی لەبارەی بودجە و مووچە بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت
عێراق

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

پەلە نیوز

پەیوەست بە هەمواری یاسای بودجە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە تاکە ڕێگەی چارەسەری ڕیشەیی بەردەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشنیاز کراوە بانگهێشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی بکرێت.
 

چیرۆکی سەرەکی

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لەسەر داواکاری خۆی ئامادە بوو، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجە کرد، ئەو ماددەیەش تایبەتە بە دیاریکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ساڵێک و نۆ مانگە ڕاگیراوە.
 

لە پەیامنێرەوە

دەرون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا لەبارەی بانگهێشتی تەیف سامی قسەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی کردووە، ئەوان باسیان لەوە کردووە، پەیوەست بە هەمواری یاسای بودجە پێشنیازێک هەیە بۆئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەلایەن لیژنەی داراییەوە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، لەکاتی چوونیشی پەرلەمانتارانی کورد لە لیژنەکە پرسیاری مووچەی لێ دەکەن.


ئەوەی پێویستە بیزانیت

چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بنبەست و سوودانی دەڵێ چارەسەری ڕیشەیی هەناردەکردنەوەی نەوتە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش داوای لە پەرلەمانتاران کردووە دەنگ بە هەموارەکە بدەن و تێبپەڕێنرێت.



30 بینین