پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان

له‌لایه‌ن: - فازڵ کوردی فازڵ کوردی - به‌روار: 2024-10-28-00:22:00 - کۆدی بابەت: 12082
پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان
بیروڕا

بە پشتبەستن بە هەندێ ڕاپۆرت و لێدوانی میدیایی و بەدواداچونێکی ورد، وەک سەرۆکی ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی بێلایەن، ئەو ڕاپۆرتەی خوارەوەم ئامادە کرد

پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان

بە پشتبەستن بە هەندێ ڕاپۆرت و لێدوانی میدیایی و بەدواداچونێکی ورد، وەک سەرۆکی ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی بێلایەن، ئەو ڕاپۆرتەی خوارەوەم ئامادە کرد لە بارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، کە کوردستان وەک چەقی ململانە و کێشە، بە هەمو پێوەرێک دەبێتە بەشێک لە فاکتەری سەقامگیریی ناوچەکە ئەگەر بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، لەوانە؛ پێڤاژوی ئاشتی، هێرشی چەکداری بۆ سەر دامەزراوەی دروستکردنی درۆن لە ئەنقەرە، زانیاری و تەکنەلۆجیای سەردەم لە ئێران و تورکیا، هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا و ئیسرائیل و ئەمریکا لەم هاوکێشەیەدا.
ڕووداوی هێرشی چەکداری لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بۆ سەر کۆمپانیای دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، کە تورکیا وەک دەستکەوتێک نیشانی دەدا لە ڕاوکردنی نەیارەکانی خۆی و بە پێی ئاماری سەرەتایی و ئەوەی لەلایەن دەوڵەتەوە بڵاو کرایەوە ژمارەی کوژراوەکان ٥ کەسن و ژمارەی بریندارەکان ٢٢ کەسن، هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ پرسی (پێڤاژۆی ئاشتی) لەگەڵ کورد لە کوردستانی تورکیادا، بەپێی لیدوانەکانی ئەم دوایییەی باخچەلی بەوەی کە ئۆجەلان ئازاد بکرێ و بێتە پەرلەمانی تورکیا و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکاندا تاوتوێی کۆتاییهینانی پرسی کورد بکا بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و هەروەها پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کورد و تورک لە چوارچێوەی دەولەتی تورکیادا ڕابگەیێنێ، باخچەلی هەرگیز ئەو لێدوانە نادا ئەگەر گلۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکرابێ لەلایەن سەرۆکی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانەوە لەبەرئەوەی ئەزموونی سیاسی باخچەلی کە سەرۆکی پارتی مەهەپەی ڕەگەزپەرستە و سومبولی دژایەتیکردنی هەر چارەسەرێکی دۆزی کوردی بوە، دیارە باخچەلی و ئەردۆغان و هاوئاوازەکانیان ترسێکیان هەیە لە ناسەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی و تورکیا بە تایبەتی، بۆیە دوبارە داوای بە گەڕخستنەوەی پێڤاژوی ئاشتی لەگەڵ فاکتەرێکی گرنگی ناوچەکەدا دەکەن کە کوردە، کورد دەکرێ ببێتە هاوپەیمانێکی ستراتیجی بە هۆی جوگرافیاکەی و بە هۆی جیۆپۆلیتیکی کوردستان لە ناوچەکەدا و بەبڕوای ئەوان لەوانەیە لایەنی دیکە ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ ناسەقامگیری.
دەم پارتی لە ٢٣ـی ئۆکتۆبەردا لە بارەی هێرشەکەوە سەرنجی خۆیان ڕاگەیاندوە، بەوەی کە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە گوماناویە.
بەپێی ئەوەی تورکیا هێرشەکەی بە سەر کورد بە تایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستاندا ساغ کردووەتەوە بەوەی کە ٢٤ـی مانگ زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر پەکەکە و ڕۆژئاڤا کرد و ئەمە ئەوەمان بە بیر دێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا هێرشێکی هاوشێوە بۆ سەر هەمان دامودەزگا کرا پاش تێکچوون و بە بنبەست گەیشتنی پرۆسەی ئاشتی، ئیتر ئەو هێرشە کرا بە بیانوی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام هێرشەکەی ٢٣ـی مانگ زۆر زووە بۆ تێکدانی پرۆسە تازەکە، لەبەر ئەوەی جارێ تەنیا قسەیە و هیچ هانگاوێکی سەرەتایی دەستی پێ نەکردووە، ئەگەر لایەنێکی ئامانجی هێرشەکە بۆ لەباربردنی پرۆسەکە بێ، ئەوە هێرشەکە هێمایە ئیتر بیر لە پرۆسەی وا نەکرێتەوە و نەخرێتە سەرپێ، ئینجا ئەو لایەنە ناوەکییە یان دەرەکییە یان هەرێمایەتیە، بە ئاشکرا دەڵێن ئەم جۆرە پرۆسەیان پێخۆش نیە کە لێکتێگەیشتنێک بکرێت لە نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیادا و ڕەنگدانەوە و کاریگەریی هەبێ لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و تورکیا بە تایبەتی کە لە ئان و ساتی ڕوداندایە.
شۆڕشی چەکداری لە تورکیا تەنها (پەکەکە) نیە، هەندێ گروپی چەپ و ئیسلامیی پەروێزخراو هەن ئەوانیش چەکدارن، لەوانە ڕێکخستنەکانی داعش و ئەو چەکدارانەی سەر بە تورکیان لە سوریا کە ئەم دواییە هەندێک لەم گروپانە تورکیا چەکی کردون خستووینە ناو سوپای نیشتیمانی سوریاوە کە سەر بە دەوڵەتی کاتی ئۆپزسیۆنی سوریایە لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆ نافەرمیەی بۆ داڕشتنەوەی پێوەندیەکانی نێوان تورکیا و سوریادا هەیە، بەشێک لەو گروپانە ناڕازی بوون و یاخی بوون لەو کردارەی بەرامبەریان کرا، هەواڵە سەرەتاییەکانی دەوڵەتی تورک ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشەکە پەکەکەیە چونکە ناونیشانی سەرەکی بۆ تیرۆر لە فەرهەنگی سیاسیی تورکدا هەر پەکەکەیە و پەکەکەش ڕای گەیاند کەوا هێرشەکە لەلایەن تیمێکی سەربەخۆی هێزی نەمرانەوە ئەنجام دراوە.
بەپێی ئەوەی کە ئەو شوێنەی پەلامار دراوە شوێنی دروستکردنی درۆنە، درۆنیش زیاتر بۆ ڕاوکردنی پەکەکە بووە کە تورکیا وەک شکۆ و شانازیی خۆی دەیبینێت، لەبەر ئەوە تورکیا لەو باوەڕەدایە دەستی کوردی تێدا هەبێ، لەلایەکی دیکەوە ئەو گریمانەیەش هەیە کە ئیسرائیل بە ناڕاستەوخۆ دەستی وەشاندبێت، ئیسرائیل نەیشاردووەتەوە کە نیگەرانە لە دوو وڵات لە ناوچەکە (ئێران و تورکیا)، بەوەی کە دەستیان گەیشتوەتە ئەو تەکنەلۆجیا سەردەمیە پێشکەوتوە، هەردو وڵاتیش ئیسلامین، یەکیان نوێنەرایەتی و بەرگری لە شیعە دەکات ئەوی دیکەیان نوێنەرایەتی و بەرگری لە سوننەی ئیخوانی دەکات، بیرمان نەچێت لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل زیاتر لێدانە لەو تەکنەلۆجیا زانستیە سەردەمیەیە و لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتودا لەو دامەزراوانە بدرێن، ئەمە لەبەرئەوەی لە دیدی ئیسرائیلەوە نابێ لەو ناوچەیەدا ئەو تەکنەلۆجیایە لەبەر دەستی هیچ وڵاتێکی ئیسلامیدا هەبێ و ئەوان ئەمە بە مەترسی بۆ خۆیان دەزانن، ئاشکرایە هەردوو وڵات پشتگیری و پاڵپشتیی گووپە تیرۆرستە ئیسلامیەکان دەکەن، نمونەی پاڵپشتی ئێران بۆ حەماس و حزبەڵا و حووسی دژی ئیسرائیل، هەروەها نموونەی پاڵپشتیی تورکیا لە داعش و گرووپە تیرۆرستە ئیسلامییەکان، کە ئەمانە مەترسیی ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ ئیسرائیل، لێدانە چاوەڕوانکراوەکەش بۆ ئەو ژێرخانە زانستیەی هەردوو وڵاتەیە بەڵام بە میکانیزم و ڕێکاری جیاواز.
تورکیا ترسێکی زۆری هەیە لە پەرەسەندنی ئەو شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە، بە لێکدانەوەی ئەوان لەوانەیە لە داهاتوێکی نزیک ئەو شەڕ و نا سەقامگیریە تورکیاش بگرێتەوە، لەبەرئەوە بیر لە فاکتەرێک دەکەنەوە ئەویش کوردە بۆ ئەوەی کورد نەبێتە بەشێک لە هاوکێشەکە بەڵکو زیندوکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و لێک تێگەیشتنێک لەگەڵ کورددا بکرێ بۆ ئەوەی تورکیا بە پارێزراوی بمێنێتەوە. کورد فاکتەرێکە دەکرێ زۆر بە ئاسانی بێتەوە سەر شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ببێتە فشار لەسەر تورکیا بە تایبەتی و وڵاتانی دیکە کە کوردستانی گەورەیان بەسەردا بەش کراوە، هەر لە سۆنگەی ترس و دڵەڕاوکێی تورکیا لە ئاست پەرەسەندن و ناسەقامگیری ناوچەکەدا، دەکرێ دەولەتی تورکیا بەجۆرێک شرۆڤەی هێرشەکەی ٢٣ی مانگ بکات کە لە بەرژەوەندیی پرۆسەی ئاشتیدا بێ (ئەگەر درک بە گرنگی پرۆسەکە بکەن).
 
ئەزموونی پێشو ئەوە دەسەلمێنێ کە هەرگیز قەندیل پرۆسەی ئاشتی ڕاستەقینەی ڕەت نەکردوتەوە لەگەڵ ئەوەی کە لە شەڕیش بەردەوام بووە لەگەڵ دەولەتی تورکیادا بە تایبەتی ئێستا لە ژێر فشاری تەکنەلۆجیای درۆندایە بۆ ڕاوکردنی گەریلاکانی، شەڕی تورکیا دژی پەکەکە کورتکراوەتەوە لە ڕاوکردنی گەریلە بە درۆن بە بەکارهێنانی دامەزراوەی سەربازی سوپای تورکیا، لە بەرامبەر گەریلا لە هەوڵی بەرگری لەخۆکردن و زیان گەیاندندا بوە بە دامەزراوە سەربازییەکانی دەولەتی تورک، کە بە پێی یاسا نێودەولەتیەکان لەبارەی تیرۆر و تیرۆریزمەوە بە هیچ جۆرێک چالاکیی بۆسەر دامەزرەوەی سەربازی ناکەوێتە چوارچێوەی تیرۆر و ترۆریزمەوە کە تورکیا بانگێشەی بۆ دەکا، هەر لەبەرئەوەیە ئەمریکا بە ڕاستەوخۆ دەستبەرداری ڕۆژاڤا نەبووە لە کاری دیپلۆماسی و یارمەتی و هاوکارییە سەربازیەکاندا کە بە ناڕاستەوخۆ گەریلا سودی بینیوە لەو پاڵپشتیە، تورکیا ئەمەی زۆر چاک بۆ ڕون بوتەوە کە ئەمریکا دەستبەرداری دۆزی کورد نابێ هەتا بەرژەوەندیەکانی لەو ناوچەیە مابن. زۆر گرنگە تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە کورتی و بە کوردی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەندە بە بەرژەوەندیەکانی خۆی بۆ کاتێکی دیاریکراو بەس. ئەگەر وەبەرهێنان لەم تێگەیشتنەدا بکرێ بە مسۆگەری قازانجەکە دوولایەنە دەبێت.
هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوەی گرنگی ئەمریکایە لە کاری دیپلۆماسی و پاڵپشتی و هاوکاریی سەربازی، بەڵام هەرێم بەپێی پێویست وەبەرهێنانی لەو پەیوەندیە دوولایەنیەدا نەکردوە. لەگەڵ هەمو تێبینیەک بەپێی پێشهاتەکان ئەگەری دروستبوونی دەولەتی کوردی لە عیراق لەگینە، ئەگەر عیراق خۆی توشی سەرپێچیەک بکا لە ناوچەکە بەتایبەتی گرووپە چەکدارەکانی شیعە و بەشیک لە حکومەتی عیراق کە پاشکۆی ئێرانن.
هەرێم لە فەرهەنگی نەتەوەکانی دەوروبەردا، بە تایبەتی ناشیونالیستی عەرەب پێناسە کراوە وەک دەولەتی ناوک کە ڕۆڵی یەکگرتنەوەی نەتەوەیی لە ئەستۆ گرتوە وەک چەقی کۆکەرەوە بەڵام بەداخەوە لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا لە ئاست بەرپرسیارێتی ڕۆڵی کۆکەرەوەدا نەبووە لەبەر ململانێی ناتەندروست و لاوەکی و دابەشبوون لە نێوان دوو زۆن و دروستکردنی میلیشیای حیزبی و کەسی و پارێزگاریکردنی دوو مافیا.
پێویستە هەرێم بە زوترین کات قۆناغی جەلالی و مەلایی و قاچاغچێتیی ملیاران دۆلار و خزمەتکردنی هێزە ئیقلیمیەکان تێپەڕ بکا لەبەرئەوەی ڕووداوی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەن، ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕیفۆرم و چاکسازیی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ڕایەدەرانی هەرێم، هەڕەشەکان زۆرن بەڵام دەرفەتی زێڕین لەبەردەستدان. هەروەها پێویستە ڕایەدەرانی هەرێم ڕۆڵی گەورە بگێڕین لە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی تورکیادا، بە بڕوای من بانگێشتی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵی ڕاوێژکاری هەبوو بەڵام گرنگە هەرێم بەشێک بێ لەو پرۆسە گرنگ و مێژوییە لەبەرئەوەی قەندیل و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤا لە هەرێمدان.
بۆ ئامادەکاریی پێشوەختە، پێویستە بە زوترین کات دەرچونی ئەنجامی هەڵبژاردنی هەرێم یەکلایی بکرێتەوە و حکومەتێکی تەکنۆکراتی بەرپرسیار بۆ ئەو هەمو پێشهاتانە دروست بکرێ، قۆناغی ڕابردوی حکومەت دوبارە نەکرێتەوە چونکە ئەرکەکانی قۆناغی داهاتو زۆر گەورەتر و گرنگترن لەبەرئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئەگەری داڕشتنەوەی نەخشەیەکی سیاسیی نوێدایە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەبارە ئێستا ڕۆڵی خۆی ببینێ لە ناوچەکە وەک فاکتەرێکی سەقامگیری لەبەرئەنجامی ئەو دۆخانەی چاوەڕێ دەکرێ لە ناوچەکە ڕوو بدەن بەتایبەتی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا. سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان لە نیویۆرک لە میانەی کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە هەر ئاژاوەیەک و ناسەقامگیرییەک لە ئێران ڕو بدا بە پارچەپارچەبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێ دێ و یەکێ لەو کیانانەی دروست دەبن کۆماری کوردستان دەبێ لە ئێران، کە ئەمە یەکەم دان پێدانان بوو لەسەر زمانی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە.
بەپێی ئەو داڕشتنەوەی بۆ نەخشە سیاسیە نوێیە سەرەتاییەکە داڕێژراوە، بڕیارە هەمو پارچەکانی کوردستان بەیەک ببەسترێنەوە، لە باشور بۆ باکور و لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا، لە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای ڕەشدا ئەو نەخشە سیاسیە نوێیە بکێشرێت.
 



63 بینین