پەلە نیوز
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای هەولێر كۆدەبێتەوە و چەند پەیامێكیان سەبارەت بە زۆربوونی حاڵەتەكانی زێدەڕۆیی پێدەگەیێنێت.
وێنە گەورەكە
ئەمڕۆ چوارشەممە 5-12-2024، بەسەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوان بە ڕێگەگرتن و نەهێڵانى سەرپێچی و زێدەڕۆیی لە سەر موڵکی حکومى و گشتی ئەنجام درا.
ڕاگەیێنراوی فەرمی
بەپێی ڕاگەیێنراوی پارێزگای هەولێر، وەزیری ناوخۆ بە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی ڕاگەیاندووە: دەبێت ئێوەى بەرپرسانى یەکە کارگێڕى و ئیدارییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بن کە پێتان سپێردراوە و نابێت بەرپرسانى ئیداری خۆیان لەو بەرپرسیاریەتییە ڕاستەقینەیەی كە هەیانە بەدوور بگرن، سەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت بەرپرسیارن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆییانەى لە سنوورى ئیدارەى ئەوان دەکرێت.
گۆشەیەكی دیكە
ڕێبەر ئەحمەد جەختی كردەوە: پێویستە بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى لێبدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەیان بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکكارى یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و وەک تاوانباریش ڕێوشوێن لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە لەسەر حسابی خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت بازرگانى بە موڵکى حکومەت و گشتیى دەکەن.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا: "دەبێت لە زووترین کاتدا چارەسەرى ئەو کێشە و دیاردەیە بکرێت و ڕێگە نەدرێت چیتر زێدەڕۆیی ئەنجامبدرێت، هەر زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکى گشتیى ئەنجامدرا کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە، لایەنى سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە ئەو زێدەڕۆییە لاببرێت، بە پێچەوانەوە ڕێوشوێنی یاسایی پێویستى لەگەڵ بکرێت".