کەرنەڤاڵێکی بێوێنە لە یاریگەی نەورۆز؛ وەرزش و نیشتمانپەروەری تێکەڵ دەبن

له‌لایه‌ن: - پەلە نیوز پەلە نیوز - به‌روار: 2026-01-26
کەرنەڤاڵێکی بێوێنە لە یاریگەی نەورۆز؛ وەرزش و نیشتمانپەروەری تێکەڵ دەبن
وەرزش

کەرنەڤاڵێکی بێوێنە لە یاریگەی نەورۆز؛ وەرزش و نیشتمانپەروەری تێکەڵ دەبن

بڕیارە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان یانەکانی نەورۆز و گەرمە لە گەڕی پازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاندەرانی یانەی نەورۆز گەورەترین کەرنەڤاڵی پاڵپشتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ساز بکەن. چەند ڕۆژێکە دەستەی هاندەران و گرووپی ئاڵتراسی یانەکە سەرقاڵی ئامادەکارییەکی چڕن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٣٠٠ ئاڵای کوردستان بۆ ئەم مەبەستە کۆکراوەتەوە.

نێچیرڤان ڕەفیق، سەرۆکی ئاڵتراسی یانەی نەورۆز، ڕایگەیاند کە ئەوان وەک ئەرکێکی نیشتمانی لەگەڵ خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاوای کوردستانن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژی سێشەممە هەموو جیهان بە دیمەنی یاریگەکە سەرسام دەکەن، بە جۆرێک هیچ گۆشەیەکی یاریگە نابینرێت کە ئاڵای لێ نەبێت و هەر هاندەرێک کە دێتە ژوورەوە، ئاڵایەکی لەسەر کورسییەکەی بۆ دانراوە تاوەکو لە کاتی یارییەکەدا بیشەکێنێتەوە.

نمایشی "تیفۆ" و کەزی خوشکانی ڕۆژئاوا

جگە لە ئاڵاکان، گرووپی ئاڵتراسی یانەی نەورۆز نمایشێکی تایبەتی "تیفۆ"یان ئامادە کردووە کە پانییەکەی پێنج مەتر و بەرزییەکەی بیست مەترە. ئەم نمایشە وەک هێمایەک بۆ "کەزی خوشکان" لە ڕۆژئاوای کوردستان دیزاین کراوە. هەروەها بڕیارە ژمارەیەک منداڵ کە کچانی قژ کەزییان تێدایە، لە کاتی هاتنە ناوەوەی یاریزانەکان بۆ ناو یاریگە، یاوەرییان بکەن.

داهاتی یارییەکە بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکرێت

یانەی نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاریداوە کە تەواوی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی بلیتەکانی ئەم یارییە بەرامبەر یانەی گەرمە بەدەست دێت، پێشکەشی ئاوارە و لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستانی بکات. ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی مرۆیی و نەتەوەیی یانەکە دەبینرێت لەم بارودۆخە هەستیارەدا.

لە درێژەی کارەکانیدا، دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز پلانی داناوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەمپەینێکی گەورە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی ساز بکات، تاوەکو هاوکارییەکان بە شێوەیەکی فراوانتر بگەیەننە دەستی خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوا.