نەورۆز بە سەرکەوتنێکی دراماتیکی لە دهۆک سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا

له‌لایه‌ن: - پەلە نیوز پەلە نیوز - به‌روار: 2026-03-03
نەورۆز بە سەرکەوتنێکی دراماتیکی لە دهۆک سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا
وەرزش

نەورۆز بە سەرکەوتنێکی دراماتیکی لە دهۆک سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا

یانەی نەورۆز لە دێربیی کوردستانی خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتنێکی دراماتیکی بەسەر دهۆک تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە دواساتەکاندا ئەنجامەکەی گۆڕی و یارییەکەی بە ئەنجامی ٢-١ بردەوە. لە گەڕی ٢٠ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یاریگەی دهۆک میوانداریی یانەی نەورۆزی کرد. سەرەڕای ساردیی کەشوهەوا، هاندەرانێکی زۆر ئامادەی یارییەکە بوون و ئۆڵتراسەکانی دهۆک پەیامی ئاشتی و تەباییان بۆ ناوچەکە بەرزکردەوە.

ڕووداوە مەترسیدارەکەی ناو یاریگە و گۆڕانکارییەکان

گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، بەڵام گێمی دووەم ڕووداوی جیاوازی بەخۆیەوە بینی. لە خولەکی ٥٤دا محەمەد داود گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنی بۆ دهۆک تۆمارکرد. لە خولەکی ٧٣دا ڕووداوێکی مەترسیدار ڕوویدا کاتێک هاروون ئەحمەد، یاریزانی دهۆک بەهۆی قوتدانی زمانییەوە باری تەندروستی تێکچوو، بەو هۆیەوە یاریگەی جێهێشت و گۆڕانکاریی پێکرا.

ریمۆنتادای نەورۆز و لێدانی سزای یەکلاکەرەوە

نەورۆز لە خولەکی ٧٩دا گەڕایەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە و نێتۆ تاکارا بە لێدانێکی سەری جوان گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد. لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو تەواوبوون دەچوو، لە خولەکی ٩١دا ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ ڤاڕ، لێدانێکی سزای بۆ نەورۆز هەژمارکرد. مەروان حوسێن لە خولەکی ٩٢دا بە سەرکەوتوویی لێدانەکەی جێبەجێ کرد و گۆڵی سەرکەوتنی بۆ نەورۆز تۆمارکرد تاوەکو سێ خاڵی گرنگ لەنێو جەرگەی دهۆکدا ببەنەوە.