نرخی زێڕ و زیو؛ دابەزینێکی پێوانەیی
دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە ٥ هەزار و ٥٩٥ دۆلار، بەهۆی کاندیدکردنی وارشەوە نرخەکەی بە ڕێژەی ١٢٪ دابەزی و بۆ هەر ئۆنسەیەک گەیشتە ٤ هەزار و ٧٢٠ دۆلار. هاوکات کانزای زیویش پاشەکشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی و بە ڕێژەی ٣٥٪ دابەزی، بە جۆرێک نرخی هەر ئۆنسەیەک لە ١٢٠ دۆلارەوە بۆ ٦٩ دۆلار هاتە خوارەوە.
هۆکاری دڵخۆشیی وەبەرهێنەران و هەڵکشانی نرخی نەوت
ئابووریناسان پێیان وایە کاندیدکردنی کیڤن وارش هیوای بۆ بازاڕەکان گەڕاندووەتەوە کە بانکی ناوەندی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و مەترسییەکانی هەڵئاوسان کەم ببنەوە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، نرخی نەوتی برێنت گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە شەش مانگی ڕابردوودا؛ ئەمەش بەهۆی توندبوونەوەی هەڕەشە سەربازییەکانی واشنتن بۆ سەر ئێران و جوڵاندنی کەشتییە جەنگییەکان لە ناوچەکەدا.
دڵەراوکێ لە کەرتی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد
لەکاتێکدا بازاڕی کانزا و وزە لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدایە، بازاڕەکانی ئاسیا و ئەمریکا تووشی جۆرێک لە دڵەراوکێ بوون. هۆکاری ئەمەش بۆ خەرجییە یەکجار زۆرەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک Microsoft لە بواری ژیریی دەستکرد (AI) دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە وەبەرهێنەران بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پشکەکانی کەرتی تەکنەلۆژیادا بکەن.