بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باری نائاسایی و چەکهەڵگرتنی گشتی ڕاگەیاند
لە کاردانەوەی توندبوونەوەی هێرشە سەربازییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە باری نائاسایی و چەکهەڵگرتنی گشتی ڕاگەیاند. بەڕێوەبەرایەتییەکە حکومەتی دیمەشقی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان و دەستپێکردنی هێرشی فراوان لە چەندین بەرەی جیاوازەوە تۆمەتبار کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی ڕای گشتی کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە کردووە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە بەیانی دوێنێوە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانیان، سەرەڕای ئەوەی پێشتر ڕێککەوتن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کشانەوەی هێزەکان هەبووە.
بانگەواز بۆ "شەڕی مان و نەمان" و پاراستنی شارەکان
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت دەکاتەوە کە ئەوان هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتییانە و نیشاندانی نیازپاکی، بەڵام لایەنی بەرامبەر سوورە لەسەر بژارەی سەربازی. لەبەر ئەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات وەک ئەرکێکی نیشتمانی چەک هەڵبگرن و ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببنەوە کە بە "شەڕی مان و نەمان" وەسفی دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین بنەمای بەرگریی ڕەوا بکەنە بنچینە و شانبەشانی هێزە سەربازییەکان بوەستنەوە بۆ پاراستنی شارەکان و شکۆمەندیی ناوچەکە."
هۆشداری لە تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە ئامانجی ئەم هێرشانە تەنها دەستبەسەرداگرتنی خاک نییە، بەڵکو لێدانە لەو پێکەوەژیان و برایەتییەی کە لە نێوان پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بونیاد نراوە. هۆشداریش دەدات کە مەبەستی دیمەشق دروستکردنی ئاژاوە و توندوتیژییە لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی بانگەوازەکەدا، بە تایبەتی داوا لە چین و توێژەکانی گەنجان کراوە لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ ئامادەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو. جەخت کراوەتەوە کە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان، لە ئێستادا تاکە بژاردە بەرگریی جەماوەرییە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدایە کە جووڵە سەربازییەکان لە گوندەوارەکانی حەلەب و ناوچەکانی تری باکووری سووریا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لە ئارادایە.