مانگی سووری کوردی: مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی ئاوارەدا هەیە

له‌لایه‌ن: - پەلە نیوز پەلە نیوز - به‌روار: 2026-01-26
مانگی سووری کوردی: مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی ئاوارەدا هەیە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مانگی سووری کوردی: مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی ئاوارەدا هەیە

لەگەڵ توندبوونەوەی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، مانگی سووری کوردی هۆشداریی توند لەبارەی تێکچوونی دۆخی تەندروستی، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا دەدات. بەهۆی کەمیی بنکە تەندروستییەکان و چڕیی ئاوارەکان لە قوتابخانەکاندا، مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە وەرزییەکان و گواستراوەکان لە ئارادایە.

هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی ئاماژەی بەوە کرد، کە جگە لە بریندارانی شەڕ، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و سەرماوە تووشی نەخۆشی بوون. لە ئێستادا زۆربەی ئاوارەکان لە شارەکانی قامشلۆ، عامودا، دێرک و تربەسپی لە ناو قوتابخانەکاندا نیشتەجێ کراون، کە ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر تیمە تەندروستییەکان.

کەمیی توانای نەخۆشخانەکان و کاری تیمە گەڕۆکەکان

بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لەم دواییانەدا زیاتر لە سێ هەزار خێزان ئاوارە بوون. لە بەرامبەردا، تەنیا سێ نەخۆشخانەی حکومی لە ناوچەکەدا هەن کە توانای لەخۆگرتنی ١٥٠ نەخۆشیان هەیە. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، تیمە تەندروستییە گەڕۆکەکان بەردەوام سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و تاوەکو ئێستا چارەسەرییان بۆ زیاتر لە چوار هەزار نەخۆش دابین کردووە تاوەکو ڕێگری بکەن لە دروستبوونی قەرەباڵغی لە نەخۆشخانەکاندا.

سەرەڕای ناردنی تیمێکی پزیشکی لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەبوونی چەند بنکەیەکی تایبەت، بەڵام پێویستییەکان زۆرن. هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا گەورەترین پێویستییان دەرمانی شۆردنی گورچیلە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵانە، داواش لە لایەنە خێرخوازەکان دەکەن هاوکارییەکانیان بەپێی لیستی دەرمانە پێویستەکان ئاراستە بکەن.

بەردەوامیی هێرشەکان و تێکچوونی دۆخی مرۆیی

ئەم قەیرانە مرۆییە دوای هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هات، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس. سەرەڕای ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەڵام پێکدادانەکان لە چەند قۆڵێکی وەک باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی بەردەوامن، ئەمەش گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی قورستر کردووە و مەترسییەکانی سەر ژیانی سڤیلەکانی زیاتر کردووە.