بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق: بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە

له‌لایه‌ن: - پەلە نیوز پەلە نیوز - به‌روار: 2025-12-13-20:59:00 - کۆدی بابەت: 36882
بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق: بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە
کوردستان

بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق: بەهۆی لافاوەوە نزیکەی ملیۆنێک ماسی لەنێوچوون

بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق ڕایگەیاندووە کە لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیانێکی گەورەی بە خەڵکی ئەم قەزایە گەیاندووە. نزیکەی ملیۆنێک ماسی و 200 حەوزی ماسی لەنێوچوون، هەروەها سەدان دۆنم زەوی و هەزاران دار زیانیان بەرکەوتووە.

باران و لافاو لە تەقتەق

سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق، لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە نالین حەسەن پێشکەشدەکات، ڕوونیکردەوە کە ئەمساڵ باران بە ڕێژەیەکی باش باریوەتەوە. ئەو گوتی: "ئەمساڵ لە تەقتەق 120 ملیمەتر باران باریووە، کە ئەمە ڕێژەیەکی دڵخۆشکەرەیە. ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە تەنیا 33 ملیمەتر بوو." ئەم باڕینە باشەی باران بواری بۆ جووتیاران کردووەتەوە کە دەست بە چاندنی بەرهەمەکانیان بکەن، چونکە پەڵە کەوتووە.

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک

ئاسۆ مستەفا، قایمقامی تەقتەق، ڕۆژی هەینی 12-12-2025 ڕایگەیاند کە ئاستی ئاوی ڕووباری زێی بچووک لە 2.5 بۆ 3 مەتر بەرزبووەتەوە. ئەمەش زیانێکی زۆری بە گوندنشینانی سنووری قەزاکە گەیاندووە. قایمقام ئاماژەی بەوە کرد کە "لافاوەکە پرۆژە گەشتیارییەکان، پرۆژە کشتوکاڵییەکان و حەوزەکانی ماسی تێکداوە."

گوندەکانی زیانلێکەوتوو

سەباح عوسمان ڕوونیکردەوە کە بەشێک لە گوندەکانی تەقتەق دەکەونە سەر ڕووباری زێی بچووک، بۆیە قەبارەی زیانەکان لە ئەو ناوچانە زیاترە. ئەو گوتی: "21 گوند لە سنووری ئێمە هەیە کە زۆربەیان دەکەونە سەر زێی بچووک. لە 7 تا 8 گوند زیانی پێگەیشتووە."

زیانی گەورە بە حەوزەکانی ماسی

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گوتی کە زۆرترین زیان بەر خاوەنانی پرۆژەکانی ماسی کەوتووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 200 حەوزی ماسی تەنها لە تەقتەق و بەشێکی دیکەیان لە سنووری نێوان تەقتەق و کەرکووک لەنێوچوون. بەپێی ئامارەکان، لە سنووری تەقتەق نزیکەی 800 هەزار ماسی و لە کەرکووک 200 هەزار ماسی لەنێوچوون. بە گشتی، نزیکەی ملیۆنێک ماسی بەهۆی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەنێوچووە.

تەقتەق پێشەنگی بەرهەمهێنانی ماسییە

قەزای تەقتەق کە 90 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی هەولێرە، لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان زۆرترین حەوزی ماسیی تێدایە. زۆربەی ئەم حەوزانە لەسەر لێواری زێی بچووک دروستکراون و بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەر حەوزێک لە 3 هەزار تاوەکو 10 هەزار ماسیی تێدابووە. پێش لافاوەکە، بەرهەمی ڕۆژانەی حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق لە نێوان 30 بۆ 60 تۆن بوو. بەرهەمی ئەم حەوزانە زیاتر لە هەرێمی کوردستان ساغ دەکرایەوە و بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەنێردرا.

زیانی کشتوکاڵی و جووتیاران

سەباح عوسمان ئامارێکی تەواوی سەبارەت بە زیانی جووتیاران نەدا، چونکە هێشتا سەرژمێری گشتی بۆ تەواوی زیانەکان ئەنجام نەدراوە. بەڵام ئەو خەمڵاندنێکی سەرەتایی ئاشکرا کرد و گوتی: "بە سەدان دۆنم زەوی جووتیاران لەنێوچووە کە بەرهەمی قەیسی، هەنجیر و خاسی تێدابووە. هەروەها هەزاران دار لەنێوچووە." بەهۆی قوڕاو و دانەبەزینی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچە، تیمەکان نەیانتوانیووە خەمڵاندنی کۆتایی بۆ زیانەکان ئەنجام بدەن. تا ئێستا 170 جووتیار پەیوەندییان کردووە کە زیانیان بەرکەوتووە.

دەوڵەمەندیی کشتوکاڵیی تەقتەق

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی باسی لە دەوڵەمەندیی تەقتەق لە ڕووی کشتوکاڵییەوە کرد و گوتی: "بەرهەمی ڕۆژانەی هەنجیر لە تەقتەق لە نێوان 30 بۆ 70 تۆن بووە، بەرهەمی لۆبیاش 150 تۆن بووە." جگە لە ئەمانە، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرانەوە و بەشێکیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردران.

هەوڵەکانی ڕێگریکردن و قەرەبووکردنەوە

سەباح عوسمان باسی لە هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە لافاو کرد و گوتی: "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە تەقتەق زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بووە. قایمقامییەت، شارەوانی و بەرگریی شارستانی پلانی باشیان هەبووە کە ڕێگە لەبەردەم هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بگرن." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووەتە سەر هێڵ و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی داوە.

پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە

لە ڕۆژی یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمەوە، باڕینی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد. دوو ڕۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.



8 بینین