پەلە نیوز
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە ئازووقەی پێویست لە کۆگاکان هەیە و جموجۆلی بازرگانی لە دەروازەکان بەردەوامە.
وێنە گەورەکە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ترس و دڵەڕاوکێی لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست کردبوو، ڕوویان لە مارکێتەکان کردووە بۆ کڕینی ئازووقە، وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە ئەم شەڕە هیچ کاریگەری لەسەر کەلوپەل و ئازووقە لە بازاڕەکانی کوردستان نیە، چونکە کۆگاکان پڕن لە خۆراک.
لێدوانی فەرمی
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ئەم بارودۆخەی دروست بووە، ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی دروست نەکردووە، "کەلوپەل زۆرە لە بازاڕ و ئێمە بەشێکی زۆری لەڕێگەی کارگەکانی خۆمان لە ناوخۆ بەرھەمیان دێنین، هاوکات دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا کراوەن و ھیچ دەروازەیەکی سنووری دانەخراوە و جموجۆڵی بازرگانیش بەردەوامی ھەیە".- ئەگەر دەروازەکان دابخرێت و هیچ کەلوپەل بۆ کوردستان نێت، "ئازووقەی شەش مانگ لە کۆگاکانمان هەیە، داواش لە ھاووڵاتیان دەکەین بەپێی پێویستیی خۆیان کەلوپەل بکڕن و زیاد لە خۆیان نەیکڕن".
ئەوەی پێویستە بیزانیت
لیژنەکانی وەزارەتی بازرگانی بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن، هەر کەسێک کەلوپەل گران بکات سزا دەدرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
109 بینین