سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ: سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستان بوو
سەرۆک مەسعود بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شاری کۆبانێ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو داستانە سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بوو بەسەر تاریکیدا.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی سڵاوی بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە قارەمانەکان نارد کە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان، لە بەرگرییەکی مێژووییدا ڕێگەیان نەدا کۆبانێ بکەوێتە دەست تیرۆریستان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بەرگرییە قارەمانانەیە، سەرکەوتنێکی گەورەی لە مێژووی گەلی کورددا تۆمار کرد و بووە هێمای تێکشکانی تیرۆر.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
لە یازدەهەمین ساڵیادی تێكشكاندنی تیرۆریستان لە كۆبانێدا، سڵاو بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین كە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان لە بەرگرییەكی قارەمانانەدا ڕێگەیان نەدا كۆبانێ بكەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنێكی گەورەیان لە مێژووی گەلی كورد تۆمار كرد. ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستان بوو، سەركەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریكیدا.