ئاماری زیانەکانی لافاو لە باشووری کوردستان: 5 مردن و 19 بریندار و زیان بە 2626 ماڵ

له‌لایه‌ن: - پەلە نیوز پەلە نیوز - به‌روار: 2025-12-13-21:59:00 - کۆدی بابەت: 36880
ئاماری زیانەکانی لافاو لە باشووری کوردستان: 5 مردن و 19 بریندار و زیان بە 2626 ماڵ
کوردستان

ئاماری زیانەکانی لافاو لە باشووری کوردستان: 5 مردن و 19 بریندار و زیان بە 2626 ماڵ

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماری تەواوی زیانەکانی لافاوی ڕۆژانی ڕابردووی ڕاگەیاند. بەپێی ئەم ئامارە، بەهۆی شەپۆلی باڕانباڕین و دروستبوونی لافاوەوە، لە باشووری کوردستان پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسیش بریندار بووە. هەروەها 2626 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.

کۆی گشتیی زیانەکان

ڕاگەیێندراوەکە کە ئامارەی پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک، هەولێر، هەڵەبجە و دهۆکی لەخۆگرتووە، ئاماژە بەوە دەکات کە: - 2,225 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە - 394,900 سەر ئاژەڵ و ماسی لەنێوچوون - زیاتر لە 215 دووکان و شوێنکار زیانیان بەرکەوتووە - 107 باخ کە خانووشیان تێدابوو زیانیان بەرکەوتووە - 534 پڕۆژە زیانیان بەکردووەتەوە

سلێمانی: زۆرترین زیانی گیانی

پارێزگای سلێمانی زۆرترین زیانی گیانی تۆمارکردووە. بەپێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لە سلێمانی دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسیش بریندار بووە. لە ڕووی زیانە مادییەکانەوە، لە سلێمانی: - 1,607 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە - 15,000 جووچکی مرداربوون - 200 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە - 115 دووکان و شوێنکار زیانیان بەرکەوتووە - 450 پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە

گەرمیان: یەک کەس گیانی لەدەستداوە

لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدایە، بەهۆی لافاوەوە یەک کەس گیانی لەدەستداوە. ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ڕایگەیاندووە کە 150 ماڵ و زیاتر لە 100 دووکان و شوێنکار لە گەرمیان زیانیان بەرکەوتووە.

کەرکووک: دوو مردن و یەک بریندار

کەرکووک دوای سلێمانی زۆرترین زیانی هەبووە. لە کەرکووک دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک کەسیش بریندار بووە. لە ڕووی زیانە مادییەکانەوە، 435 ماڵ و 5 پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە.

هەولێر: نزیکەی 400 هەزار ماسی لەنێوچووە

لە پارێزگای هەولێر هیچ کەس گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام شەش کەس بریندار بوون. زیانە مادییەکان لە هەولێر بریتین لە: - زیان بە 20 ماڵ - 397,900 ماسی لەنێوچوون (ئەمە زۆرترین ژمارەیە لە هەموو پارێزگاکان) - 107 باخ و ماڵەباخ زیانیان بەرکەوتووە - 78 پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە

هەڵەبجە و دهۆک: زیانی کەم

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، زۆریی ڕێژەی باڕانباڕین و بەرزبوونەوەی ئاو زیانی بە پارێزگای هەڵەبجەش گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. تەنها زیان بە چوار ماڵ کەوتووە. لە پارێزگای دهۆک هیچ زیانێک لە لافاوەکە تۆمار نەکراوە.

ئیدارە سەربەخۆکان

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیان بە 4 ماڵ کەوتووە، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش زیان بە 5 ماڵ کەوتووە. لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

چەمچەماڵ زیانلێکەوتووترین ناوچەیە

بەهۆی شەپۆلێکی باڕانباڕینەوە کە لە 7ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و لە 9ی مانگ چەقەکەی بوو، لافاو لە بەشێکی باشووری کوردستان دروستبوو. زیانلێکەوتووترین ناوچە بەهۆی لافاوەکەوە قەزای چەمچەماڵ بوو لە پارێزگای سلێمانی. لە چەمچەماڵ تا ئێستا دەوامکردن لە فەرمانگە و قوتابخانەکان دەستی پێنەکردووەتەوە. عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ گوتی: "بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی پشووی قوتابخانەکان، چونکە دۆخی شارەکە و زیانەکان هی ئەوە نین دەوام دەستپێبکاتەوە."

چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو

یەکێک لە زیانەکانی چەمچەماڵ تێکچوونی تۆڕەکانی ئاو بوو. بابە ڕەسوول غەفوور، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ، گوتی: "زۆرینەی کێشەکانی دابەشکردنی ئاو چارەسەر کراون و دابەشکردن دەستی پێکردووەتەوە."



9 بینین