پەلە نیوز
ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە سوێد داوادەكەن، سەدان هەزار كوردی دانیشتووی تاراوگە لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بێ بەش نەكرێن و ئەمە بە زیانێكی گەورە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی كورد لە عێراق دەزانن.
وێنە گەورەكە
لەڕۆژانی 20 و 21-11-2024 پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، لەپاڵ ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەكە پەیوەست بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پرسی نەگەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەكان، كەمیی بودجەی پێویست بۆ پرۆسەكە و ماوەی دیاریكراو بۆ مەشق و ڕاهێنانی كارمەندانی بژمێر. بێبەشبوونی سەدان هەزار كوردی تاراوگە، گرفتێكی دیكەی پرۆسەی سەرژمێرییەكەیە.
لێدوانی فەرمی
سەلام كوردە، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە سوێد تایبەت بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، "پێویستە میكانیزمێك دابنرێت بۆ ئەوەی كوردانی تاراوگە لە سەرژمێریی گشتی بەشداربن".
زانیاریی زیاتر
بەگوێرەی ئامارەکانی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، زیاتر لە 10%ـی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات دەژین و هەژمارنەكردنی ئەو ژمارە زۆرەی كوردانی تاراوگە، بە زیانی ئاییندەی ڕێژەی نەتەوەی كورد لە چوارچێوەی كۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق، دەشکێتەوە.
لەلایەکی دیکە
گۆهدار محەممەد، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، "پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی، ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لەئێستادا دانیشتووی هەرێمی كوردستان و عێراقن و هاووڵاتییانی تاراوگە جا لەنەتەوەی كورد بن یاخود نەتەوەیەكی دیكە، لە پرۆسەكە بێبەش دەبن و هیچ میكانیزمێك لەئارادا نییە هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات لەم پرۆسەیە بەشداربن.