پەلە نیوز
ناوەندی ڕۆشنبیریی ماڵی وەفایی دەستپێشخەرییەک بۆ سەرجەم بەربژێرانی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیێنێت و داوا دەکات لەبری چەک کتێب ببەخشنەوە.
وێنەگەورەکە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک بەشێک لە هێزە سیاسییەکان دەست بە بەخشینەوەی چەک دەکەن، ئەمساڵیش وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی بە سەرجەم لایەنەکان داوە کە سزای قورسی لەسەرە و لێی دووربکەونەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت
ماڵی وەفایی کە ناوەندێکی ڕۆشنبیری و فیکری و چاپەمەنییە و زیاتر لە 10 ساڵە دامەزراوە، دەستپێشخەرییەکەی بە دروشمی "'کتێب لە بری چەک' بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندووە کە بڕیارە 20ـ10ی ئەمساڵ بکرێت.
لێدوانی فەرمی
ڕێبین فەتاح، بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی بە ئاڤا نیوزی گوت: "مەبەست لەم کارەمان ئەوەیە بە شێوازێکی سەردەمیانە خوێندنەوەی کتێب بکەینە نەریت و ئەمەش بە هەموومان دەکرێت، هەر بۆیە داوا لە بەربژێران دەکەین بۆ هەڵمەتی بانگەشە کتێب ببەخشنەوە".
لەلایەکی دیکەوە
هێزە سیاسییەکان کاتێک کارنامەی هەڵبژاردن ڕادەگەیێنن گرنگی بە کولتوور و ڕۆشنبیری دەدەن، بۆیە ڕێبین فەتاح داوا لە بەربژێران و هێزە سیاسییەکان دەکات بەخشینی کتێب یەکێک بێت لەو گرنگییانە. مەبەستی دروشمەکەش لەوەیە کە کتێب وەک نیشانەی ئومێدە و چەکیش بە پێچەوانەوە ماڵوێرانی بەدوادا دێت.