پەلە نیوز
ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، بۆ گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی، سوودانی سەردانی ئەمریكا دەكات و لەمیانی دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی تازەی ئەمریكا، دەرفەتی گفتوگۆكردن لەبارەی پرسە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.
وێنە گەورەكە
عێراق لەگەڵ هاتنی ترەمپ، دەرفەتی بۆ ڕەخساوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا باش بكات و ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییەی لەنێوانیاندا هەیە پەرەی پێبدات، بەتایبەت لە پرسەكانی: هاوكاری تەكنەلۆژی، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و گۆڕینی ئەركی ئەو سەربازە ئەمریكییانەی لە عێراق دەمێننەوە، لە هێزێكی شەڕكەر بۆ ئەركی ڕاوێژكاری سەربازی و پاڵپشتی لۆجستی.
لێدوانی فەرمی
عائید هیلالی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، عێراق هێشتا پێویستی بە هاوكاری ئەمریكا هەیە بەتایبەت لە بواری پەرەپێدانی تەكنەلۆژی.
ئەوەی پێویستە بیزانیت
بەر لە هاتنی ترەمپ، بەرپرسانی عێراق و ئەمریكا لە بارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا گفتوگۆیان كردووە و ڕێككەوتنی سەرەتایی كراوە بۆ كشانەوەی 45%ـی هێزەكان و، گۆڕینی ئەركی ئەو سەربازانەی دەمێننەوە لە هێزی شەڕكەرەوە بۆ ئەركی ڕاوێژكاری سەربازی و پاڵپشتی لۆجستی.