پەلە نیوز سیناریۆکانی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ئاشکرا دەکات

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2024-12-05-21:35:00 - کۆدی بابەت: 12108
پەلە نیوز سیناریۆکانی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ئاشکرا دەکات
کوردستان

پەلەهەواڵ

پەلە نیوز

ئەگەر بێت و حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ (10 و 11 و 12) نەنێرێت، واتە بۆ هەر مانگێک تەنیا 761 ملیار دینار بنێرێت، ئەوا چوار سیناریۆ هەن بۆ دابەشکردنی مووچە.


وێنە گەورەکە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، بۆ هەر مانگێک هەر 761 ملیار دینار دەنێرن. واتە ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت پڕناکرێتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەش سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سوودانی لەسەر خەتن. 

ئەوەی پێویستە بیزانیت

بۆ مانگی 10 بڕی 761 ملیار دینار نێردراوە و 235 ملیار کورتهێنان هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 996 ملیار دینار هەیە، بڕیارە بۆ مانگەکانی داهاتووش هەر ئەم بڕە بنێردرێت.

سیناریۆکان چین؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار سیناریۆ و ئەگەری لەبەردەمە:


سیناریۆی یەکەم

مووچەی ئەم سێ مانگە بە لێبڕین و بەپێی ئەو پارەیەی لەبەردەستە دابەش بکرێت.

سیناریۆی دووەم

مووچەی دوو مانگ، واتە 10 و 11 بەتەواوی دەدرێت، بۆ مانگی سێیەم کە دەکاتە مووچەی مانگی 12، لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆ دەکرێت پارەکە بنێرێت کە ئەوکات قەبارەی کورتهێنان دەکاتە 705 ملیار دینار.

سیناریۆی سێیەم

مووچەی دوو مانگ بەتەواوی دەدرێت و مانگێکیش بە لێبڕینەوە. 

سیناریۆی چوارەم

یان مووچەی دوو مانگ بەتەواوی دەدرێت و مووچەی مانگی سێیەم واتە مانگی 12 دەفەوتێت.

پێدراوە ڕاستەکان

لە هەموو ئەگەرکاندا حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان پێداگری دەکات حکومەتی عێراق تەواوکارییەکە بنێرێت و کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستانیش تەواوی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ.



38 بینین